Description
پێغەمبەری ئیسلام موحەمەد -صلى اللە علیە وسلم-
Otras traducciones 61
به ناوی خوای بەخشندە ومیهرەبان
پوختەیەک سەبارەت بە پێغەمبەری ئیسلام موحەمەد-صلى اللە علیە وسلم- کە تێیدا ئەمانە باسکراوە: ناوی وڕەچەڵەکی وشوێنی لەدایکبوون وپەروەردە بوون وهاوسەرگیری وپەیامەکەی وئەو شتانەى بانگەشەی بۆ کردووە، ونیشانە وئایەتەکانى پێغەمبەرایەتی، وشەریعەتەکەى وتێڕوانینی بەرهەڵستکارانى (دوژمنانى) سەبارەتی.
پێغەمبەری ئیسلام: موحەمەد کوڕی عبدالله کوڕی عبدالمطلب کوڕی هاشم لە نەوەى ئیسماعیلە کوڕی ئیبراهیم -علیهم السلام-. پێغەمبەری خودا ئیبراهیم -علیه السلام- لە شامەوە هات بۆ مەککە، وهاجەرەی خێزانی وئیسماعیلی کوڕی لەگەڵدا بوو، وئیسماعیل -علیه السلام- منداڵێکی ساوا بوو، بە فەرمانى خواى گەورە هەردوویانی لە مەککەدا نیشتەجێ کرد، وکاتێک ئیسماعیل -علیه السلام- بوو بە گەنج؛ پێغەمبەر ئیبراهیم -علیه السلام- گەڕایەوە بۆ مەککە، وخۆی وئیسماعیلی کوڕی کەعبەیان -ماڵی خودایان- دروستکرد، وخەڵکی نیشتەجێبوو لە دەوروپشتی ماڵی خودا و زۆر بوون، ومەککە بوو بە شوێنی مەبەست بۆ ئەوانەى دەیانەوێت پەروەردگاری هەموو بوونەوەرەکان بپەرستن، وبۆ ئەوانەى دەیانەوێت حەجی ماڵی خودا بکەن، وخەڵکی بەردەوام بوون لەسەر تەوحید (یەک خودا پەرستی) لەسەر ئاینی ئیبراهیم -علیه السلام- هەتا چەند سەدەیەک. پاش ئەوە لادان وتاوانەکان سەریان هەڵدا لە دوورگەی عەرەبیدا هەروەکو شوێنەکانى تری سەر زەوی وتاوانەکانی سەردەمی بت پەرستی وجاهیلیەت تێیاندا تەشەنەی کرد وەکو: بت پەرستی، وکوشتنی کچان، وستەمکردن لە ئافرەتان، وشاهێدی دانی درۆ، وئارەق (مەی) خواردنەوە، وئەنجامدانى تاوان وخراپەکارییە قێزەوەنەکان، وخواردنی ماڵی هەتیو وخواردنی ڕیبا (سوو). لەم شوێنەدا ولەم ژینەگەیەدا پێغەمبەری ئیسلام موحەمەدی کوڕی عبداللە لە نەوەى ئیسماعیلی کوڕی ئیبراهیم -علیهم السلام- لەدایکبوو، لە ساڵی 571ز، پێش لەدایکبوونی باوکی کۆچی دوایی کرد، ولە تەمەنی شەش ساڵیدا دایکی کۆچی دوایی کرد، ومامی ئەبو تاڵیب بەخێوی کرد وپەروەردەی کرد، وبە هەتیوی وهەژاری گەورە بوو، وبە کاری دەستی خۆی خواردن وبژێوی ژیانی پەیدا دەکرد.
وکاتێک تەمەنی گەیشتە بیست وپێنج ساڵی هاوسەرگیری لەگەڵ ئافرەتێکی بەڕێزی شاری مەککە کرد بە ناوى خەدیجەی کچی خوەیلد -ڕەزاى خواى لێبێت-، وچوار کچ ودوو کوڕی لە خەدیجە بوو، کوڕەکان لە تەمەنی منداڵیدا مردن، ومامەڵەی لەگەڵ خێزانەکەى ومنداڵەکانى لە ئەوپەڕی نەرم ونیانی وخۆشەویستیدا بوو، بۆیە خەدیجە زۆر خۆشی دەویست، وئەویش بەهەمان شێوە خەدیجەی خۆشدەویست، وتەنانەت پاش مردنی خەدیجە هەر لە بیری نەکرد، وئاژەڵی دەکرد بە قوربانی وگۆشتەکەى دەبەخشی بە هاوڕێکانی خەدیجە -ڕەزاى خواى لێبێت- ئەمیش وەکو چاکەکارییەک بەرامبەری وبۆ ڕێزلێنانی وبۆ پاراستنی خۆشەویستی.
پێغەمبەر موحەمەد -صلى اللە علیە وسلم- لەسەر ڕەوشتێکی مەزن بوو لەو کاتەوەى خودا دروستی کردووە، وگەلەکەى بە (الصادق الأمین) واتە: (ڕاستگۆی دەستپاک) ناویان دەبرد، ولە کارە مەزنەکاندا بەشداریان دەبوو، وڕقی لە تاوانەکانی سەردەمی بت پەرستی وجاهیلیەتی خەڵکی مەککە بوو وهەرگیز لەم تاوانانەدا بەشداری نەدەکرد.
وكاتێک تەمەنی گەیشتە چل ساڵ لە مەککەدا؛ خواى گەورە هەڵیبژارد بۆ ئەوەى ببێت بە پێغەمبەر، بۆیە جبریل -علیه السلام- (کە فریشتەیەکی تایبەتە بە هێنانى وەحی -سروش- بۆ پێغەمبەران) هات بۆ لای وسەرەتاکانى یەکەم سورەتی قورئانی پیرۆزی بۆ هێنایە خوارەوە، کە خواى گەورە دەفەرموێت: {اقْرَأْ بِاسْمِ رَبِّكَ الَّذِي خَلَقَ (1) واتە: {(ئەی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-) بخوێنە بە ناوی پەروەردگارتەوە کە ھەموو شتێکی دروست کردووە (1) خَلَقَ الْإِنسَانَ مِنْ عَلَقٍ (2) واتە: مرۆڤی دروست کردوە لە خوێنێکی بەستوو (2) اقْرَأْ وَرَبُّكَ الْأَكْرَمُ (3) واتە: بخوێنە، پەروەردگاری تۆ (لە ھەموو کەس) بەخشندەترە (3) الَّذِي عَلَّمَ بِالْقَلَمِ (4) واتە: ئەوەی کە (مرۆڤی) فێری (نووسین) کردووە بە قەڵەم (4) عَلَّمَ الْإِنسَانَ مَا لَمْ يَعْلَمْ (5)} واتە: مرۆڤی شارەزا کردووە بەو شتانەی کە نەیدەزانی (5)} [سورەتی العلق: 1-5]، هات بۆ لای خەدیجەی خێزانى -ڕەزاى خواى لێبێت- و دڵی دەلەرزا، وڕووداوەکەى بۆی باسکرد؛ وخەدیجە دڵنیا وئارامی کردەوە، وبردی بۆ لای کوڕی مامێکی بە ناوى وەرەقەی کوڕی نەوفەل -کە پێشتر بوو بە نەسڕانی وتەورات وئینجیلی خوێندبووەوە-؛ خەدیجەی پێی ووت: ئەی کوڕی مام، گوێبگرە بزانە کوڕی براکەت چی دەڵێت: وەرەقە بە پێغەمبەری ووت -صلى اللە علیە وسلم-: ئەی کوڕی براکەم چیت بینی؟ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ئەو ڕووداوەى بەسەریدا ڕوویدا بۆی باسکرد، وەرەقە پێی ووت: (ئەوە جبریلە کە خودا دایبەزاند بۆ سەر موسا، خۆزگایە گەنج دەبووم، خۆزگایە زیندوو دەبووم لەو کاتەى کە قەومەکەت تۆ دەردەکەن، پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: «ئایا ئەوان من دەردەکەن -لە مەککە-؟»، ووتی: بەڵێ، هەرپیاوێک وەکو تۆ ئەم پەیامەى هێنا بێت؛ ئەوا دژایەتی کراوە، ئەگەر بگەم بە ڕۆژەکانت بە ئەوپەڕی هێزەوە سەرت دەخەم)
ولە مەککەدا بەردەوام قورئانی پیرۆز بۆ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دادەبەزی، کە جبریل -علیه السلام- دەیهێنایە خوارەوە لە لایەن پەروەردگارەوە، وهەروەها جبریل وردەکاری پەیامەکەشی بۆ دەهێنا.
وبەردەوام بوو لە بانگەشەکردنی گەلەکەى بۆ ئاینی ئیسلام، بەڵام ئەوان بەرامبەری وەستان ودژایەتیان کرد، وئەوەیان خستە پێشی بەرامبەر بە وەستان لەم بانگەوازی وپایەمە: ماڵ وموڵک وسامانى زۆری پێبەخشن، بەڵام پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- هەموو ئەمانەى ڕەت کردەوە، وئەوەیان پێی ووت هەروەکو چۆن بێباوەڕان بە پێغەمبەرانی پێشوویان ووت: ساحیرە، درۆزنە، وبانگەوازەکەیان لەسەر تەنگ کردەوە، وهێرشیان کردە سەر لاشەی پیرۆزی وشوێنکەوتووانیان چەوساندەوە. وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بەردەوام لە بانگەوازى کردن بۆ لای خواى گەورە لە مەککە، ولە وەرزی حەج و وەرزی بازاڕە عەرەبیەکاندا بە خەڵکی دەگەیشت وبانگەوازیانی دەکرد بۆ ئاینی ئیسلام، ومەبەستی دونیا ودەسەڵات نەبوو، وبە شمشێر خەڵکی نەترساند، ونە دەسەڵادار ونە پادشا بوو، وبەرەنگاربوونەوەی ڕاگەیاند لە سەرەتای بانگەوازیەکەیدا ئەویش ئەوە بوو کە ئەگەر دەتوانن با کتێبێک بهێنن وەکو قورئانی پیرۆز، وبەردەوام بوو لە بەرەنگاربوونەوەى بەرهەڵستکارانی بە بەڵگەکانى قورئان، بۆیە خەڵکانێک باوەڕیان پێی هێنا وبوون بە هاوەڵی -ڕەزاى خوایان لێبێت-. ولە مەککەدا خواى گەورە ڕێزی لێنا ئەویش بە شەوڕەوی (ئیسراء) بەرەو (بیت المقدس) لە شام، وپاشان بەرز بووەوە بەرەو ئاسمان (المعراج)، وزانراوە کە خودا پێغەمبەر ئیلیاس ومەسیحی (عیسای) بەرز کردەوە بەرەو ئاسمان -علیهما السلام-، وئەمیش لە لای مسوڵمانان ونەسڕانیەکان باسکراوە. وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لە لایەن خواى گەورەوە فەرمانى نوێژکردنی پێکرا لە ئاسماندا، وئەویش ئەم نوێژەیە کە مسوڵمانان ئەنجامی دەدەن پێنج جار لە ڕۆژ وشەوێکدا، وهەروەها لە مەککەدا نیشانە وموعجیزەیەکی مەزنی تر ڕوویدا کە ئەویش بریتی بوو لە لەت بوونی مانگ هەتاوەکو موشریکەکانیش بینیان.
وکافرەکانى قورەیش هەموو هۆکارێکیان بەکارهێنا بۆ ئەوەى ڕێگری لێبکەن: ئەمیش بۆ ئەوەى خەڵکی لە بانگەوازەکەى دوور بکەوێتەوە، وزۆر زێدەڕەویان کرد لە داواکردنی بەڵگە ونیشانە وئایەتەکان سەبارەت بە ڕاستگۆیی پێغەمبەرایەتی، وداواى پشتیوانیان لە جولەکەکان کرد بۆ ئەوەى بەڵگەیان پێبدەن کە بتوانن بەهۆیانەوە گفتوگۆی پێبکەن (موجادەلەی پێبکەن) وبۆ ئەوەى ڕێگری بکەن خەڵکی شوێنی بکەوێت.
وکاتێک ئازار وئەشکەنجەدانى کافرەکان زیادی کرد بەرامبەر مسوڵمانان؛ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ئیزنی دا بە کۆچکردنی هەندێک لە مسوڵمان بەرەو حەبەشە، وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- پێیانی فەرموو: پادشایەکی دادپەروەری تێدایە کە کەس لە لای ئەو ستەمی لێناکرێت، وپادشایەکی گاوڕ (نەسڕانی) بوو، ودوو کۆمەڵ لە مسوڵمانان کۆچیان کرد بەرەو حەبەشە، وکاتێک گەیشتن بە حەبەشە باسی ئاینی ئیسلامیان کرد بۆ پادشا نەجاشیەکە بەو شێوەی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- پێی هاتووە؛ وپادشاکە مسوڵمان بوو، و ووتی: والله ئەمە وئەوەى موسا -علیه السلام- هێناویەتی لە هەمان تاقەوە هاتوون، وقەومەکەى بەردەوام بوون لە ئازاردانى هاوەڵانی.
ولەوانەى باوەڕیان پێهێنا لەو وەرزەدا چەند کەسێک بوو کە لە مەدینەوە هاتبوون وبەیعەت وپەیمانیان پێدا لەسەر ئاینی ئیسلام ولەسەر سەرخستنی ئەگەر کۆچ بکات بەرەو مەدینە، ولەو کاتەدا شاری مەدینە ناوی (یەسریب: يَثْرِب) بوو، وفەرماندرا بە ئەوانەیان لە مەککەدا ماون کۆچ بکەن بەرەو مەدینەى پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-، بۆیە کۆچیان کرد وئاینی ئیسلام بڵاو بووەوە لە مەدینەدا، وئاینی ئیسلام چووە نێو هەموو ماڵێکی ئەو شارە.
پاش ئەوەى بانگەوازى پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بۆ لای خواى گەورە لە مەککەدا سیازدە ساڵی خایاند، خواى گەورە ئیزنی پێدا کە کۆچ بکات بەرەو مەدینە؛ بۆیە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- کۆچی کرد، ولە بانگەوازى کردن بۆ لای خواى گەورە بەردەوام بوو، ودابەزینی بەشەکانى تری شەریعەتی ئیسلام بەردەوام بوو، ودەستی کرد بە ناردنی نێردراوەکانى بە پەیامەوە بۆ لای سەرۆک هۆز وعەشیرەت وپادشاکان بۆ ئەوەى بانگەوازییان بکەن بۆ مسوڵمان بوون، ولەوانەش کە نێردراوی بۆ لایان نارد: پادشای ڕۆمەکان، وپادشای فارسەکان، وپادشای میسر.
ولە مەدینە ڕووداوی خۆرگیران ڕوویدا بۆیە خەڵکی ترسان، وڕێکەوت وابوو ئەو ڕۆژە ڕۆژی کۆچی دوایی ئیبراهیمی کوڕی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بوو، وخەڵکی ووتیان: خۆر گیرا بەهۆی مردنی ئیبراهیمەوە، بەڵام پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: (إن الشمس والقمر لا يكسفان لموت أحد، ولا لحياته، ولكنهما من آيات الله، يخوف الله بهما عباده) واتە: (خۆرگیران ومانگ گیران بەهۆی لەدایکبوون یان مردنی هیچ کەسێکەوە ڕوونادەن، بەڵکو ئەوانە لە نیشانە وئایەت وبەڵگەکانی خودان، کە بەهۆیانەوە بەندەکانی دەترسێنێت)، ئەگەر پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- درۆزن بووایە ئەوا بە پەلە دەبوو لە ترساندنی خەڵکی لەوەى کە بە درۆی بخەنەوە ودەیووت: ئەوە خۆر بەهۆی مردنی کوڕەکەمەوە گیراوە ئەی چی سەبارەت بە ئەو کەسەی کە من بە درۆ دەخاتەوە.
وپێغەمبەر موحەمەد -صلى اللە علیە وسلم- خواى گەورە بە کەماڵ وئەوپەڕی ڕەوشت جوانی وەسفی کردووە لە قورئانی پیرۆزدا کە دەفەرموێت: (وَإِنَّكَ لَعَلَىٰ خُلُقٍ عَظِيمٍ) واتە: (وبە ڕاستی تۆ لەسەر ڕەوشت وئاکار وخوویەکی ئێجگار بەرز وگەورەیت) [سورەتی القلم: 4]، سیفەتەکانى هەموو ڕەوشتێکی جوان بوو وەکو ڕاستگۆیی ودڵسۆزی وئازایەتی ودادپەروەری و وەفاداری تەناتەت بەرامبەر بەرهەڵستاکارانیش، وڕێزلێنان وبەخشندەیی وبەخشینی بە هەژاران وکەم دەرامەتان وبێوەژن وخاوەن پێداویستیەکان بەلاوە خۆشەویست بوو، وسوور بوو لەسەر هیدایەتدانى خەڵکی، وبەزەیی وڕەحم هاتنەوە بە خەڵکی، وسادەیی -تواضع-ی بەرامبەریان وخۆبەگەورەنەزانین؛ هەتاوەکو پیاوێکی نەناسراو دەهات وبە دوای پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەگەڕا وپرسیاری لە هاوەڵان دەکرد -ڕەزاى خوایان لێبێت- سەبارەتی ولە کاتێکدا ئەویش لە نێوانیاندا بوو ونەیدەناسیەوە، بۆیە دەیووت: کام لە ئێوە موحەمەدە؟
وژیاننامە وسیرەتی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- نیشانە وبەڵگەیەکە لەسەر جوانی وکەماڵ وبەخشندەیی مامەڵەکردنی لەگەڵ هەموودا: دۆست ودژمن، ونزیک ودوور، وگەورە وبچووک، وپیاو وئافرەت، وئاژەڵ وباڵندە.
وکاتێک خواى گەورە ئاینەکەى تەواو وکامڵ کرد، وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- پەیامی خودای بە ئەوپەڕی کامڵیەوە گەیاند، لە تەمەنی شەست وسێ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، چل ساڵ لە تەمەن پێش پێغەمبەرایەتی، وبیست وسێ ساڵ لە تەمەن وەکو پێغەمبەر. وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لە شاری مەدینە لە گۆڕ دانرا، وهیچ ماڵ وسامان ومیراتێکی لە پاش خۆیەوە جێنەهێشت، جگە لە هێسترێکی سپی نەبێت، وزەوییەک کە بەخشی بە ڕێبواران وەکو خێر.
ژمارەی ئەوانەى کە مسوڵمان بوون وباوەڕیان بە پەیامەکەى هێنا وشوێنی کەوتن خەڵکێکی زۆر بوون، ولە حەجی ماڵئاواییدا زیاتر لە سەد هەزار هاوەڵی لەگەڵدا بوو، کە پێش سێ مانگ لە کۆچی دوایی ئەنجامیدا، ولەوەیە ئەمیش لە نهێنی پاراستنی ئاینەکەى وبڵاوبوونەوەى بێت، وهاوەڵانی کە لەسەر بنچینە وڕەوشتەکانى ئاینی ئیسلام پەروەردەیانی کرد باشترین مرۆڤ بوون لە ڕوانگەى دادپەروەری وزوهد و وەرەع و وەفاداری وخۆبەخشین بۆ خزمەتکردنی ئەم ئاینە مەزنەی کە باوەڕیان پێهێنا.
وباشترینی نێو هاوەڵان -ڕەزاى خوایان لێبێت- لە ڕوانگەى ئیمان وکردەوە وبەڕاستدانان وبەخشین وئازایەتی وبەخشندەیی ئەمانە بوون: ئەبوبەکری سدیق، عومەری کوڕی خەتاب، عوسمانى کوڕی عەفان، عەلی کوڕی ئەبی تاڵب -ڕەزاى خوایان لێبێت-، وئەم هاوەڵە بەڕێزانە لەو کەسانە بوون کە لە سەرەتای بانگەوازەکەیدا باوەڕیان پێی هێنا وئەمانیش لە دوای ئەو بوون بە جێنشین -خەلیفە-، وبوون بە هەڵگری ئاڵای ئاین لە پاش کۆچی دوایی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-، وهیچ تایبەتمەندییەکی پێغەمبەرایەتیان نەبوو وپارێزراو -مەعصوم- نەبوون لە گوناهکردن، وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- هیچ تایبەتمەندییەکی سەبارەتیان باس نەکرد جیا لە هاوەڵانی تر، مەگەر ئەوە نەبێت کە ئەمان لە نێو ئەو دە هاوەڵە وچەند هاوەڵێکی ترن کە موژدەی بەهەشتیان پێدراوە.
خواى گەورە ئەو کتێبەی پاراست کە ئەو هێنای (قورئان) وهەروەها سونەت وژیاننامە (سیرەت) وفەرموودەکانى وکردەوەکانی پارێزراون بەو زمانەى کە قسەی پێکردووە، وهیچ ژیاننامەیەک (سیرەتێک) لە مێژوودا نەپارێزراوە وەکو پاراستنی سیرەتی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-، بەڵکو هەمووی پارێزراوە وتۆمارکراوە تەنانەت چۆنیەتی خواردن وخواردنەوە وخەوتن وپێکەنینیشی؟ چۆن مامەڵە لەگەڵ خێزانەکەى دەکات ئەگەر بچێتە ماڵەوە؟ هەموو حاڵەتەکانى وژیاننامەی نووسراونەتەوە وتۆمارکراون لە سیرەتدا، ئەو مرۆڤێکی پێغەمبەر بوو وهیچ لە تایبەتمەندییەکانى پەروەردگاری نەبوو، وناتوانێت ودەسەڵاتی ئەوەی نییە هیچ سوودێک بە خۆی بگەیەنێت یان زیانێک لەسەر خۆی لابدات بە بێ ویستی خودا؛ چونکە هەموو شتێک لە ژێر ویست ودەسەڵاتی خودایە.
خواى گەورە موحەمەدی نارد -صلى اللە علیە وسلم- پاش ئەوەى شیرک وکوفر ونەزانین بەسەر زەویدا تەشەنەی کردبوو، ولە سەر زەویدا هیچ کەسێک نەبوو کە خودا بە تەنها بپەرستێت بە بێ بڕیاردانى شەریک وهاوبەش لە پەرستنیدا مەگەر ژمارەیەکی کەم نەبێت لە ئەهلی کتێب (جولەکە وگاوڕەکان)، بۆیە خودا پێغەمبەر موحەمەدی نارد -صلى اللە علیە وسلم- وەکو کۆتا پەیامبەر، خواى گەورە بە هیدایەت وئاینی هەق وڕاستی ناردی بۆ هەموو خەڵکی بۆ ئەوەى سەریبخات بەسەر هەموو ئاینەکانی تردا، وبۆ ئەوەى خەڵکی دەربهێنێت لە تاریکایی بت پەرستی وکوفر ونەزانین بۆ نور وهیدایەتی تەوحید (یەک خودا پەرستی) وئیمان (باوەڕ)، وپەیامەکەى تەواوکاری پەیامی پێغەمبەرانی پێشووە -علیهم السلام-.
وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بانگەوازى بۆ هەمان شت کرد کە پێغەمبەرانی پێشوو بانگەوازییان بۆ کرد: نوح وئیبراهیم وموسا وسولەیمان وداود وعیسا وئەوانى تر -علیهم الصلاة والسلام-؛ کە بریتی بوو لە بانگەوازى کردن بۆ باوەڕهێنان بەوەى کە خودا (الله) پەروەردگاری هەموو بوونەوەرەکانە تەنها ئەو خوڵقێنەرە وڕۆزیدەرە وبوونەوەرەکان زیندوو دەکات ودەیانمرێنێت وپاشا وخاوەنداری هەموو شتێکە، وئەو کاروباری بوونەوەرەکان بەڕێوە دەبات، وئەو بە ڕەئفەتە ومیهرەبانە بەرامبەر بوونەوەرەکان، وخودا خوڵقێنەری هەموو شتێکە لە گەردووندا ئەو شتانەى دەیانبینین وئەوانەش کە نایان بینین، وهەرکەسێک یان شتێک جگە لە خودا دروستکراێکە (مەخڵوقێکە) لە دروستکراوەکانى خواى گەورە.
هەروەها بانگەوازى کرد بۆ پەرستنی خودا و وازهێنان لە پەرستنی جگە لە ئەو زاتە مەزنە، وبە ئەوپەڕی جوانی وکامڵی ڕوونی کردەوە کە خودا تاکە لە پەرستندا ولە موڵک وخاوەنداری وخوڵقاندن وبەڕێوەبردنی گەردوون وبوونەوەردا، وڕوونی کردەوە کە خودا نە منداڵی هەبووە ونە لەدایکبووە، وهیچ هاوتا وهاوشێوەیەکی نییە -سبحانه وتعالى-، وتێکەڵ وبەرجەستە نابێت لەگەڵ هیچ یەکێک لە بوونەوەر ودروستکراوەکانیدا.
وبانگەوازى کردووە بۆ باوەڕهێنان بەو کتێبانەى لە لایەن خوداوە نێردراون وەکو پەڕەکانى ئیبراهیم (صحف إبراهیم) وپەڕەکانى موسا (صحف موسا) وزەبور وتەورات وئینجیل، وهەروەها بانگەوازى کردووە بۆ باوەڕهێنان بە هەموو پێغەمبەران -علیهم السلام-، وبانگەشەی بۆ ئەم بیروباوەڕە کردووە: هەرکەسێک کافر بێت بە پێغەمبەرێک وبە درۆی بخاتەوە وەکو ئەوایە کافر بووبێت بە هەموو پێغەمبەران وهەموویانی بە درۆزن دانابێت.
وموژدەی ڕەحمەت ومیهرەبانی خودای بە هەموو خەڵکی دا، وخودا ئەو زاتەیە کە هەموو پێویستیەکانیان پێدەبەخشێت لە دونیادا، وخودا پەروەردگارێکی بە ڕەحم وبەزەییە، وتەنها ئەو زاتە لێپرسینەوە لە بەندەکان دەکات کاتێک لە گۆڕەکانیان زیندوویان دەکاتەوە لە ڕۆژی قیامەتدا، وئەو پاداشتی ئیمانداران دەداتەوە لەسەر ئەنجامدانى کردەوە چاکەکان وچاکە بە دە ئەوەندەیە وزیاتر هەتا خودا بیەوێت، وخراپە تەنها وەکو خۆی دەنووسرێت، ولە بەهەشتدا نیعمەتێکی بەردەوامیان ونەبڕاوەیان هەیە، وئەوەى کافر وبێباوەڕ بێت وکردەوە خراپەکان ئەنجامبدات ئەوا سزاکەى لە دونیا وقیامەتدا وەردەگرێت.
وپێغەمبەر موحەمەد -صلى اللە علیە وسلم- لە پەیامەکەیدا بانگەوازى نەکرد بۆ بەشکۆدانان ومەزندانانى هۆزەکەى وشارەکەى ونەفسی پیرۆزی خۆی، بەڵکو لە قورئانی پیرۆزدا ناوی هەندێک لە پێغەمبەران زیاتر لە ناوى ئەو هاتووە وەکو ئیبراهیم وموسا وعیسا ونوح -علیهم السلام-، وناوى دایکی وخێزانەکانى لە قورئانی پیرۆزدا باسنەکراوە، بەڵام لە قورئانی پیرۆزدا باسی دایکی موسا کراوە زیاتر لە یەک جار، وناوى مەریەم -علیها السلام- زیاتر لە سی وپێنج جار باسکراوە لە قورئانی پیرۆزدا.
وپێغەمبەر موحەمەد -صلى اللە علیە وسلم- پارێزراوە (مەعصومە) لە هەموو شتێک کە پێچەوانەى شەریعەت وئەقڵ وفیترەت وڕەوشتی جوان بێت؛ چونکە پێغەمبەران -علیهم السلام- پارێزراون سەبارەت بە گەیاندنی پەیامەکان لە لایەن خوداوە، وپێیان سپێردراوە کە فەرمانەکانى خودا بگەیەنن بە بەندەکانى، وپێغەمبەران -علیهم السلام- هیچ تایبەتمەندی وسیفەتێکی پەروەردگارێتی یان خودایەتیان (ئولوهیەتیان) نییە؛ بەڵکو ئەوان مرۆڤن وەکو هەموو مرۆڤەکانى تر تەنها جیاوازییان ئەوەیە کە پێغەمبەری خودان و وەحیان (سروشیان) بۆ دێت لە لایەن خودا، ونابێت بپەرسترێن وبکرێن بە هاوبەش وشەریکی خودا لە پەرستنیدا.
ولە مەزنترین شاهێدی دەرەکان لەسەر ئەوەى کە پەیامەکەى پێغەمبەر موحەمەد -صلى اللە علیە وسلم- وەحی وسروشە لە لایەن خوداوە ئەوەیە کە هەتا ئەمڕۆ بوونی هەیە بە هەمان ئەو شێوەیەی کە لە ژیانیدا پەیڕەوی دەکرد، وزیاتر لە یەک ملیار مسوڵمان شوێنی دەکەون، و واجبە شەرعییەکان جێبەجی دەکەن وەکو نوێژ وڕۆژوو وزەکات وحەج وجگە لە ئەمانە بە بێ هیچ گۆڕانکارییەک ودەستکارییەک لە چۆنیەتی ئەنجامدانى پەرستنەکاندا.
خواى گەورە پشتیوانى لە پێغەمبەران کرد بەو ئایەت وموعجیزانەى کە بەڵگەن لەسەر پێغەمبەرایەتیان، وهەورەها ئەو نیشانە وبەڵگانەیان پێدەبەخشێت کە ڕوون وئاشکران وشاهێدن لەسەر ڕاستی پەیامەکەیان، وهەموو پێغەمبەرێک خواى گەورە ئەوەندە ئایەت ونیشانە وموعیجزەى پێبەخشیووە کە بەسە بۆ ئەوەى مرۆڤ باوەڕی پێبهێنن، ومەزنترین ئایەت وموعجیزە کە خواى گەورە بە پێغەمبەرانی بەخشی بێت ئایەت وموعجیزەکانى پێغەمبەرمانە موحەمەد -صلى اللە علیە وسلم-، خواى گەورە قورئانی پیرۆزی پێبەخشی، وئەم نیشانە وموعجیزەیە هەتاوەکو ڕۆژی قیامەت دەمێنێتەوە، وهەروەها خواى گەورە ئایەت وموعجیزەى زۆری تری پێبەخشی، وموعجیزەکانى پێغەمبەر موحەمەد -صلى اللە علیە وسلم- زۆرن، لەوانەش:
ئیسرا ومیعراج (شەوڕەوی وبەرزبوونەوە بەرەو ئاسمان)، ولەت بوونی مانگ، وبارینی باران چەند جارێک پاش ئەوەى نزای کرد کە خودا باران ببارێنێت پاش ئەوەى خەڵکی تووشی وشکەساڵی بوون.
وزۆربوون وبەرەکەتدار بوونی خواردن وئاوێکی کەم ئەمیش دەبووە هۆی ئەوەى خەڵکێکی زۆر لێی بخۆن یان بخۆنەوە.
وهەموو ئەو هەواڵانەى کە باسیکردووە سەبارەت بە شتە نەزانراوەکان (غەیبیاتەکان) هیچ کەسێک بەم وردەکارییە ئەو ڕووداوانەى باس نەکردووە، وەکو هەواڵدانى سەبارەت بە چیرۆکی پێغەمبەران لەگەڵ قەومەکانیان، وچیرۆکی یارانی ئەشکەوت (أصحاب الکهف) وجگە لە ئەمانە.
هەواڵدانى سەبارەت بە ڕووداوە نەزانراو وشاراوەکانى داهاتوو (غەیبیاتەکان)؛ ئەمیش بەهۆی ئەوەى خودا بە وەحی پێی ڕاگەیاندووە، وەکو هەواڵدانى بە دەرچوونی ئاگرێکی لە خاکی حیجازەوە وئەم ڕووداوە ڕوویدا وخەڵکی شام بینیان، وهەروەها بەرزکردنەوەى باڵەخانەکان لە لایەن کەسانێکی دیاریکراوە.
یارمەتی وپشتیوانیکردنی لە لایەن خواى گەورە وپاراستنی لە زیانی خەڵکی.
وئەو پەیمانانەى بە هاوەڵانی فەرموو هاتە دی، وەکو: (لتفتحن عليكم فارس والروم، ولتنفقن كنوزهما في سبيل الله) واتە: (فارس وڕۆم فەتح دەکەن -ڕزگار دەکەن-، وخەزێنەکانیان (ئاڵتون وزیو وسامانەکانیان) لە پێناو خواى گەورە دەبەخشن وخەرجی دەکەن).
خودا یارمەتیدا ئەویش بە ناردنی فریشتەکان بۆ ئەوەى پشتیوانی بن.
وموژدەی پێغەمبەران -علیهم الصلاة والسلام- بۆ قەومەکانیان سەبارەت بە پێغەمبەرایەتی موحەمەد -صلى اللە علیە وسلم-، ولەو پێغەمبەرانەش کە موژدەیان بە هاتنی داوە: موسا وداود وسولەیمان وعیسا وجگە لە ئەمان لە پێغەمبەرانی نەوەى ئیسرائیل -علیهم السلام-.
وبە بەڵگە ئەقڵیەکان ونمونە باسکراوەکان، کە ئەقڵی سەلامەت دانی پێدا دەنێت.
وئەم ئایەت ونیشانە وبەڵگه ونمونانە زۆر وبەربڵاون لە قورئان وسونەت وژیاننامەى (سیرەتی) پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-، وبەڵگە ونیشانەکانى پێغەمبەرایەتی موحەمەد -صلى اللە علیە وسلم- زیاترن لەوەى سنووردار بکرێن، وهەرکەسێک دەیەوێت بیناخوێنێتەوە ئەوا با سەیری قورئان وسونەت وکتێبەکانى سیرەت بکات کە پڕن لە هەواڵی دڵنیادەر ویەقینی سەبارەت بەم ئایەت ونیشانە وموعجیزانە.
ئەگەر ئەم نیشانە وموعجیزە مەزنانە ڕوویان نەدایە ئەوا دوژمنانی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لە کافرەکانى قورەیش وجولەکە ونەسڕانیەکان کە لە دورگەی عەرەبیدا بوون بەهەلیان دەزانی بۆ ئەوەى بە درۆی بخەنەوە وخەڵکی لێ ئاگادار بکەنەوە چونکە هیچ موعجیزە ونیشانەیەکی پێ نییە کە بیسەلمێنێت پێغەمبەری خودایە.
وقورئانی پیرۆز ئەو کتێبەیە کە خودا ناردی بۆ پێغەمبەر موحەمەد -صلى اللە علیە وسلم-، وقورئان وتەی پەروەردگاری هەموو بوونەوەرەکانە، وخودا ڕکابەری هەموو مرۆڤ وجنۆکەکانى کردووە کە کتێبێک بهێنن وەکو قورئان یان سورەتێک بهێنن وەکو سورەتەکانى قورئان، وئەم ڕکابەری کردنە بەردەوامە هەتاوەکو ئەمڕۆ، وقورئانی پیرۆز وەڵامی زۆر پرسیاری گرنگ دەداتەوە کە خەڵکی سەبارەت بە دۆزینەوەى وەڵامەکانیان تووشی سەرگەردانى بوون، وقورئانی پیرۆز بە زمانى عەرەبیە وهەتاوەکو ئەمڕۆش هەر بە ئەو زمانە پارێزراوە، وتەنانەت یەک پیتیشی لێ کەم نەبووەتەوە، وچاپکراوە وبڵاوکراوەتەوە، وکێبێکی مەزنە ودەستەوەستێن کارە، ومەزنترین کتێبە کە بۆ خەڵکی هاتبێت، ودەبێت مرۆڤ بیخوێنێتەوە یان وەرگێڕاوی ماناکانى بخوێنێتەوە، وهەرکەسێک بێبەش بێت بە ئیمان وباوەڕهێنان بە ئەم کتێبە وخوێندنەوەى ئەوا بێگومان هەموو خێرێکی لە دەستچووە، وسونەت وڕێباز وژیانی (سیرەتی) پێغەمبەر موحەمەد -صلى اللە علیە وسلم- پارێزراوە ونەقڵکراوە بە پێی زنجیرەیەک گێڕەرەوەى متمانەپێکراو وتۆمارکراون لە چەندەها کتێب کە بە زمانى عەرەبی نووسراونەتەوە ئەو زمانەیە کە پێغەمبەر موحەمەد -صلى اللە علیە وسلم- قسەی پێکردووە هەروەکو ئەوە وابێت ئێستا لە نێوانماندایە وقسە دەکات، و وەرگێڕدراوە بۆ سەر چەندین زمان، وقورئانی پیرۆز وسونەتی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- تاکە سەرچاوەى ئەحکام وتەشریعاتەکانى (یاسادانەکانى) ئاینی ئیسلامن.
ئەم شەریعەتەی کە پێغەمبەر موحەمەد -صلى اللە علیە وسلم- پێی هاتووە شەریعەتی ئیسلامە، کە کۆتا شەریعەت وپەیامی خودایە، لە بنچینەدا وەکو شەریعەتی پێغەمبەرانی پێشووە ئەگەرچیش هەندێک لە حوکمەکانى ئەم شەریعەتە لە چۆنیەتیدا جیاوازە.
شەریعەتی ئیسلام لە ئەوپەڕی کامڵی وتەواویدایە، وبۆ هەموو سەردەم وشوێنێک دەگونجێت، وهۆکاری چاکبوونی دینداری ودونیای خەڵکیە، وهەموو ئەو پەرستانەى تێدایە کە واجبە لەسەر بەندەکان بۆ پەروەردگاری هەموو بوونەوەرەکان ئەنجامی بدەن وەکو نوێژ کردن وڕۆژوو گرتن، و لەگەڵ ڕوونکردنەوەى مامەڵە داراییەکان وئابورییەکان وکۆمەڵایەتیەکان وسیاسیەکان وجەنگیەکان وژینگەییەکان ؛ ئەوەى دروستە وئەوەى قەدەغەکراوە وجگە لە ئەمانەش لەو شتانەى کە ژیانی مرۆڤی پێویستی پێی هەیە بۆ دونیا وبۆ دواڕۆژی.
وئەم شەریعەتە ئاین ودینداری خەڵکی دەپارێزێت وهەروەها نەفس (خوێن) وناوبانگ (شەرەف) وسامان وئەقڵ ونەوەکانیان دەپارێزێت، وشەریعەتی ئیسلام هەموو فەزڵ وچاکەکارییەکی تێدایە، وئاگاداری وهەڕەشە دەکات سەبارەت بە هەموو بەدڕەوشتی وخراپەکارییەک، وئیسلام بانگەشە دەکات بۆ ڕێزگرتن لە مرۆڤەکان ومامناوەندی ودادپەروەری ودڵسۆزی وپاکێتی و وردبینی وخۆشەویستی، وخۆشویستنی خێر وچاکە بۆ خەڵکی، وپاراستنی خوێنی خەڵکی، وپاراستنی ئەمن وئاسایشی وڵاتەکان، وترساندنى خەڵکی حەرامکردووە بە ناهەق، وپێغەمبەر موحەمەد -صلى اللە علیە وسلم- جەنگی بەرپا دەکرد لە دژی تێپەڕاندنی سنوورەکانى خودا وخراپەکاری وخوڕافەت وپەڕگیری وڕەهبانيەت (دوورە پەرێزی لە خۆشیە حەڵاڵەکانى دونیا بە نیەتی پەرستن) بە هەموو شێوەیەک.
وپێغەمبەر موحەمەد -صلى اللە علیە وسلم- ڕوونی کردەوە کە خواى گەورە ڕێزی لە هەموو مرۆڤەکان گرتووە -بە پیاوان وئافرەتانەوە، وهەموو مافێکی پێیان بەخشیووە، ومرۆڤ بەرپرسیارە سەبارەت بە بژاردەکانى وکردەوەکانى وهەڵسوکەوتەکانى، وتەنها خودی ئەم مرۆڤە بەرپرسیارە سەبارەت بە هەرشتێک کە ببێتە زیان بۆ نەفسی خۆی یان زیان بۆ خەڵکی، وئاینی ئیسلام پیاو وئافرەتی بە یەکسان داناوە لە ڕوانگەى ئیمان وبەرپرسیاریەتی وپاداشت وسزا، ولەم شەریعەتەدا گرنگیەکی تایبەت بە ئافرەت دراوە ئەگەر دایک یان هاوسەر یان خوشک یان کچ بێت.
وئەم شەریعەتەى کە پێغەمبەر موحەمەد -صلى اللە علیە وسلم- هێناویەتی هاتووە یەکێک لە ئامانجەکانى بریتیە لە پاراستنی ئەقڵ وحەرامکردن وقەدەغەکردنی هەرشتێک ببێتە هۆی تێکچوون ونەمانی ئەقڵ وهۆش وەکو مەی خواردنەوە (خواردنەوەى بێهۆشکەرەکان)، ئیسلام ئاینی وەکو ڕۆشنکەرەوەى ڕێبازی ئەقڵ ناساندووە؛ بۆ ئەوەى مرۆڤ خودا بپەرستێت بە چاوڕۆشنی وزانستەوە، وشەریعەتی ئیسلام باسی ئەقڵ وهۆشی بە مەزن داناوە وبوونی ئەقڵ وهۆشی بە مەرج داناوە بۆ واجب بوونی ئەرکە شەرعییەکان (تەکلیفە شەرعییەکان)، وئەقڵی ئازاد کرد لە کۆت وزنجیری خوڕافیات وبت پەرستی.
وشەریعەتی ئیسلام زانستی ڕاست بە مەزن دادەنێت، وهانى گەڕانی زانستی دوور لە هەوا وئارەزوو دەدات، وبانگەشە دەکات بۆ تێڕوانین وبیرکردنەوە لە نەفس ودەروون وبوونەوەر وگەردوون، ودەرەنجامە ڕاست ودروستەکانى زانست بە هیچ شێوەیەک تووشی پێکدادان نابێت لەگەڵ ئەم پەیامەی کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- پێی هاتووە.
لە شەریعەتی ئیسلامدا هیچ ڕەگەزێک یان گەلێک تایبەتمەندی نییە بە سەر ڕەگەز وگەلێکی ترەوە، بەڵکو هەموو لە پێش حوکمە شەرعییەکاندا یەکسانن، وهەموو مرۆڤەکان لە بنچینەدا وەکو یەکن وفەزڵی هیچ ڕەگەز وپێست وگەلێک نییە بەسەر ئەوانى ترەوە مەگەر بە پێی تەقواداری نەبێت، وپێغەمبەر موحەمەد -صلى اللە علیە وسلم- باسی ئەوەى کردووە کە هەموو منداڵێک لەسەر فیترەت لە دایک دەبێت، وهیچ مرۆڤێک بە گوناهباری لەدایک نابێت یان میراتگری گوناهی مرۆڤێکی تر نییە.
لە شەریعەتی ئیسلامدا خواى گەورە تەوبەی داناوە ئەمیش بریتیە لە: گەڕانەوەى مرۆڤ بۆ لای پەروەردگار و وازهێنان لە تاوان وگوناهەکان، ومسوڵمان بوون وپەیڕەو کردنی ئاینی ئیسلام هۆکارە بۆ لێخۆشبوون لە تاوانەکانى پێشووتر، وتەوبە کردن هۆکارە بۆ لێخۆشبوون لە تاوانەکانى پێشووتر، وبۆیە پێویست ناکات مرۆڤ تاوانەکانى لای مرۆڤێکی تر باس بکات ودانیان پێدا بنێت، لە ئاینی ئیسلامدا پەیوەندی نێوان مرۆڤ وخودا پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیە ومرۆڤ پێویستی بە هیچ کەسێک نییە بۆ ئەوەى ببێتە ناوەند (واستە) لە نێوان ئەو وخودا بۆ ئەوەى خودا لە تاوانەکانی خۆش بێت، وئاینی ئیسلام بەرز کردنەوەى مرۆڤ بۆ ئاستی خودایەتی (ئولوهیەت) قەدەغە دەکات، ونابێت مرۆڤەکان بکرێن بە خودا وبپەرسترێن وهەروەها نابێت بکرێنە شەریک وهاوبەشی خودا لە پەرستنیدا یان لە پەروەردگارێتیدا.
وئەم شەریعەتەی کە پێغەمبەر موحەمەد -صلى اللە علیە وسلم- هێناویەتی هەڵوەشێنەرەوەى هەموو شەریعەتەکانى پێشووە، چونکە شەریعەتی ئیسلام کۆتا شەریعەتە لە لایەن خوداوە هەتاوەکو ڕۆژی قیامەت، وبۆ هەموو خەڵکیە؛ بۆیە هەموو شەریعەتەکانى پێشووی هەڵوەشاندەوە ونابێت کردەوەیان پێبکرێت، هەروەکو چۆن شەریعەتەکانى پێشوو یەکتریان هەڵدەوەشاندنەوە، وخودا پاش ناردنی پێغەمبەر موحەمەد -صلى اللە علیە وسلم- تەنها ئاین وشەریعەتی ئیسلام قبوڵ دەکات، وهەرکەسێک شوێنی ئاینێکی تر بکەوێت وپەیڕەوی بکات جگە لە ئاینی ئیسلام ئەوا لە ڕۆژی قیامەتدا لێی قبوڵ ناکرێت ولە دۆڕاوان دەبێت، وئەوەى دەیەوێت وردەکارییەکانى ئەم شەریعەتە بزانێت ئەوا با بە دوایدا بگەڕێت لەو کتێبە متمانە پێکراوانەى کە ئاینی ئیسلام دەناسێنن.
ئامانجی شەریعەتی ئیسلام -هەروەکو ئامانجی هەموو پەیامەکانى تری خودا-؛ بریتیە لەوەى کە مرۆڤ پلەوپایەی بەرز وبڵند بێت ئەمیش بەوەی کە تەنها پەروەردگاری هەموو بوونەوەرەکان بە دڵسۆزییەوە بپەرستێت بە بێ بڕیاردانى هیچ شەریک وهاوبەشێک لە پەرستنیدا، وئاینی ئیسلام مرۆڤ ئازاد وڕزگار دەکات لە بەندایەتی کردن بۆ مرۆڤەکان وماددە وشتومەک وخوڕافیات.
شەریعەتی ئیسلام بۆ هەموو شوێن وسەردەمێک دەگونجێت، وهیچ شتێکی تێدا نییە کە دژی بەرژەوەندییە تەندروست وبەسوودەکان بێت بۆ مرۆڤ، چونکە لە لایەن خوداوە دابەزێندراوە کە دەزانێت خەڵکی پێویستیان بە چی هەیە، وخەڵکی پێویستیان بە شەریعەتێکی دروست هەیە لە خودی خۆیدا، کە دژیەکی تێدا نەبێت، وبۆ مرۆڤەکان گونجاو بێت، ومرۆڤەکان دایان نەهێنابێت بەڵکو لە لایەن خوداوە دابەزێندرا بێت کە خەڵکی هیدایەت وڕێنموێنی بکات بۆ ڕێگای ڕاست وچاکەکاری، وئەگەر حوکم وبڕیار ببەنەوە بۆ لای شەریعەت ئەوا حاڵ وگوزەرانیان باش دەبێت وپارێزراو دەبن لە ستەمکردن لە یەکتر.
بێگومان هەموو پێغەمبەرێک بەرهەڵستکار ودوژمنی هەبووە کە دژایەتیان کردووە و لەسەر ڕێگای بانگەوازییەکەى وەستاون، وڕێگر بوون لە خەڵکی کە باوەڕی پێبهێنێت، وپێغەمبەری خودا موحەمەد -صلى اللە علیە وسلم- دوژمنی زۆری هەبوو لە کاتی ژیانی ولە پاش مردنیشی، وشاهێدی زۆریان هەیە لەسەری -لەو سەردەمە ولە ئێستاشدا- کە پێغەمبەرە، وئەو پەیامەى کە پێی هاتووە وەکو پەیامی پێغەمبەرانی پێشووە -علیهم الصلاة والسلام-، ودەزانن کە لەسەر هەق وڕاستییە وئەو هۆکارانەی کە ڕێگرن لە بەرهەڵستکاران ودوژمنانى کە باوەڕی پێبهێنن بریتین لە: خۆشەویستی دەسەڵات و پلەوپایە یان ترسی کۆمەڵگا وشوێنکەوتووان لەوەى کە لێی هەڵبگەڕێنەوە، یان ترسی لە دەستدانى ئەو سامانەى دەستی دەکەوێت بەهۆی ئەو پلەوپایە ودەسەڵاتەوە.
سوپاس و ستایش بۆ خوای پەروەردگاری ھەموو جیھانیان.
نوسینی: مامۆستا دکتۆر/ محمد عبدالله السحيم
مامۆستای عەقیدە (بیروباوەڕ) لە بەشی خوێندنەوە ئیسلامیەکان (لە پێشوودا)
کۆلێژی پەروەردە، زانکۆی (الملك سعود)
ریاز، شانشینی عەرەبستانی سعودیە
پێغەمبەری ئیسلام موحەمەد -صلى اللە علیە وسلم-
1- ناوی وڕەچەڵەکی وئەو شارەی تێیدا لەدایکبووە وپەروەردە وگەورە بووە
2- هاوسەرگیرییەکی پیرۆز لەگەڵ ئافرەتێکی پڕخێری خانەدانى گەورە
5- بەڵگە ونیشانە وئایەتەکانى پێغەمبەرایەتی
6- ئەو شەریعەتەى کە پێغەمبەر موحەمەد -صلى اللە علیە وسلم- پێی هاتووە
7- تێڕوانینی بەرهەڵستکارانى (دوژمنانى) سەبارەتی وشاهێدی بۆ دانیان